Erzurum ئەرزەڕۆم - AA
لە مانگی ئادار کە مانگی یەکەمی وەرزی بەهارە، سەرلەنوێ بەفر لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئاگر، قەرس و ئەردەخان باری.
لە پارێزگای ئەرزەڕۆم کە دوێنێ بەفر و باران بە تێکەڵی باری، کاتەکانی شەو بووە بەفر و زۆر شوێنی پارێزگاکەی گرتەوە.
کاتەکانی بەیانی بارینی بەفر زیادی کرد و، لە یەکەم مانگی وەرزی بەهاردا شارەکە سەرلەنوێ بەرگی سپی پۆشیەوە.
ئاگری لە یەکەم مانگی وەرزی بەهاردا سەرلەنوێ بە بەفر سپی پۆش بوو.
بارینی باران کە شارەکەی گرتبووەوە، کاتەکانی شەو بووە بەفر و زۆربەی شوێنەکانی پارێزگاکەی گرتەوە.
دوای ئەوەی بارینی بەفر تا کاتەکانی بەیانی بەردەوام بوو، شەقام و کۆڵانەکان بە بەفر داپۆشران.
تیمەکانی فەرمانگەی تایبەتی پارێزگا دەستیان بە ڕاماڵینی بەفر کرد و شەقامەکانیان پاککردەوە بۆ ئەوەی بەڕووی هاتوچۆدا دانەخرێن.
بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە، ئەمڕۆ لە قەزای توتاک دەوامی قوتابخانە لە گوندەکانی ناوچەکە کرایە پشوو.
بارینی بەفر لە پارێزگای قەرس کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە.
بەهۆی بارینی بەفرەوە شۆفێران دووچاری ئاستەنگ بوون و تیمەکانی شارەوانیش بەفری سەر شەقامەکانیان ڕاماڵی و جادە و شەقامەکانیان خوێ ڕێژ کرد.
پۆشینی بەرگی سپی شوێنەوارە مێژووییەکان دیمەنێکی جوان و قەشەنگی بە ناوچەکە بەخشیوە.
لە پارێزگای ئەردەخانیش بەفرێکی زۆر باری و کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کرد.
بارینی بەفر کە لە دوێنێوە لە شارەکە ناو بە ناو بەردەوامە، زۆربەی شوێنەکانی شارەکەی سپی پۆش کردووە.
هاوکات لە ناوچە بەرزەکانی شارەکە بارینی بەفر بەردەوامە و لە هەندێک شوێن کڕێوە دروست دەبێت.