Istanbul ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون ئاماژەی بەوە کرد کە بە چڕی و بەشێوەیەکی کاریگەر کار دەکەن بۆ لەناوبردنی ئەو کەمپینانەی زانیاری نادروست کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچن و ئامانجیان دروستکردنی کاریگەریی بوو لەسەر بڕیاری هاووڵاتیان لە پێش پڕۆسەی هەڵبژاردن، دروستکردنی سێبەر بەسەر ئاسایشی هەڵبژاردن و تەنانەت بەهەڵەدا بردن و بەلاڕێدانی ڕای گشتیی بەوەی دەنگەکان هەژمار ناکرێت.
لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاویکردەوە، ئاڵتون باسی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کرد کە ئەمڕۆ ٣١ی ئادار بەڕێوەچوو.
ئاڵتون باسی لەوە کرد کە گەل چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ڕایگەیاند: "لە وڵاتەکەماندا کە بە درێژایی مێژوو ڕێژەی بەشداریکردن بەرزە، هەڵبژاردنەکان وەک جەژنێکی دیموکراسیی بەڕێوەچوو. هەریەک لەم هەڵبژاردنانەدا کە گەلەکەمان گرنگییەکی زۆری پێدا، گرنگییەکی جیاوازیان هەیە کە دەرگای بەڕووی توانا و دەرفەتی نوێی بۆ وڵات و گەلەکەمان کردەوە".
ڕاشیگەیاند: "وەک سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار بە چڕی و بەشێوەیەکی کاریگەر کار دەکەین بۆ لەناوبردنی ئەو کەمپینانەی زانیاری نادروست کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچن و ئامانجیان دروستکردنی کاریگەریی بوو لەسەر بڕیاری هاووڵاتیان لە پێش پڕۆسەی هەڵبژاردن، دروستکردنی سێبەر بەسەر ئاسایشی هەڵبژاردن و تەنانەت بەهەڵەدا بردن و بەلاڕێدانی ڕای گشتیی بەوەی دەنگەکان هەژمار ناکرێت".